ئێران 32 کەسی لەسەر تەقینەوەکانی شاری کرمان دەستگیر کرد

تەقینەوەکەی شاری کرمان
تەقینەوەکەی شاری کرمان

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئێران 32 تۆمەتباریان لەسەر تەقینەوەکانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەستگیر کرد کە لە پارێزگای کرمان روویدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا"ـی ئێرانی لە زاری "مەهدی بەخشی" داواکاری گشتی کرمانەوە بڵاو کردەوە، کە دەڵێت: "تا ئێستا 32 کەس لەسەر تەقینەوەکانی کرمان دەستگیرکراون، لەوانەش کەسانێک هەن کە پاڵپشتیان لە خۆکوژەکان کردووە، بۆیە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ئێمە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکەداین".

داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە ئایا تەقینەوەکان بەهۆی بۆمبی چێندراو بووە یاخود خۆکوژی بووە".

بەخشی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، "ناسنامەی ئەو خۆکوژە دەستنیشان کراوە کە لە مەزارگەکەی قاسم سولەیمانی کردەکەی ئەنجام داوە و هەروەها ناسنامەی ئەوی دیکەش دەناسرێتەوە".

باسی لەوەشکرد، هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تەقینەوەکەی کرماندا هەبووە دەستبەسەر کراون، گوتیشی: پێش رۆژی رێوڕەسمی ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی 16 بۆمب دۆزرایەوە.

داواکاری گشتیی کرمان لە ئێران جەختیکردەوە، "ئێوارەی رۆژی رووداوەکە، ئەو شوێنەی کە تەقەمەنییەکەی تێدا دروستکرابوو لە جەرگەی شاری کرمان دۆزرایەوە، کە پشتێنەی تێدابووە و بڕیار بوو بەیانی دواتر بەکار بهێنن".

چوارشەممەی ڕابردوو دوو تەقینەوە لە نزیک مەزاری قاسم سولەیمانی، لە پارێزگای کرمان، لە چوارەمین ساڵیادی کوشتنیدا روویاندا، کە ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە 368 کەس کە 91 کەسیان کوژراون.