لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر:

پارتی سەردانی یەکێتی دەکات و لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە بۆ کۆبوونەوە و گرگترین دۆسیەکانی کۆبوونەوەکە بریتین لە؛ دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، پرسە ئەمنییەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، مەکتەبی سیاسی هەردوولا بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە، ئەوەی ماوەتەوە دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوەیە، چەندین دۆسیە هەن پارتی و یەکێتی گفتگوگۆی لەبارەوە دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوایین کۆبوونەوەدا بڕیاریاندا لەرێگەی کەسانی تایبەتمەندەوە کێشەکان دیاریبکەن و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەگەڵ یەکێتی چەندە ناکۆکیشمان هەبێت دەبێت لەسەر هەندێک بابەت کۆك بین، بە تایبەتی ئەو بابەتەی کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە، هەروەها پێویستە پارتی، یەکێتی و لایەکانی دیکەش پشتیوانی لە نوێنەرەکانیان بکەن لە بەغدا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندابێت".

ئەمە دووەم کۆبوونەوەی باڵای هەردوولا دەبێت لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، کۆبوونەوەی یەکەم لە پیرمام لە 7ـی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، زیاتر لە پێنج کاتژمێری خایاند، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا پارتی و یەکێتی خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان خستە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەلایەن خۆیەوە، رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە کوردستان24ـی گوت:" ئەم کۆبوونەوەیە لە نزیکترین دەرفەت ئەنجامدەدەین، خەڵکی کوردستانیش چاوی لەوەیە هەردوو حزب پێکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆبکەن بە ئومێدی ئەوەی بەرهەمی باشی هەبێت، هەورەها بەرپرسیارەتی گەورە لە ئەستتۆی هەردوو حزبە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان".