ڤیان سەبری: عێراق کەمترین نرخی بۆ شایستەی کۆمپانیاکانی دەر‌هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا دیاریکردووە

K24 – هەولێر :

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، عێراق بۆ شایستەی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە شار و ناوچەکانی عێراق 38  دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک داناوە، کەچی بۆ هەربەرمیلێکی نەوتی کوردستان تەنها شەش دۆلاری داناوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی کانوونی دووەمی 2024)،ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بابەتی بودجە کە پەیوەستکراوە بە بابەتی خەرجی راستەقینە،  غەدرە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، گوتی: پێویستە ئەو پارەیەی بۆ مووچە دیاریکراوە لە بودجەی عێراقدا و بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق دەڕوات، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بێت.

دەشڵێت: ئێمە کێشەی مووچەی سێ مانگی رابردووشمان هەیە لەگەڵ بەغدا کە مانگەکانی شەش و حەوت و 12یە، پێویستە ئەو بڕە پارەیە پاکتاو بکرابووایە کە نەکرا، ڤیان سەبری دەڵێت: لەنێو بودجەدا پێویستە حکومەتی فیدراڵی 16 ترلیۆن و 375 ملیاری دابووایە  حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەتاوەکو ئێستا لەو بڕە پارەیەی مافی خۆی، تەنها چوار ترلیۆن و هەندێک زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی 2023، ناردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو ماددانەی لە بودجەی عێراقیدا هاتووە و هەرێمی کوردستانی پەیوەستکردووە بە خەرجی راستەقینە لەگەڵ شایستەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و دەرهێنانی نەوت، دەڵێت: پارەیەکی یەکجار کەمیان بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیایانە داناوە بە بەروارد بە عێراق، چونکە لە هەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 38 دۆلارە، بۆ هەرێمی کوردستانیش تەنها شەش دۆلار شایستەی کۆمپانیاکانیان بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوت داناوە، لەگەڵ ئەوەی سروشتی کوردستان و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر زەحمەتە، لە ساڵی 2023 ەوە هەتا ئێستا ئەو بڕە پارە کەمەش بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت، بۆ هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەهاتووە.

ڤیان سەبری پێی وایە، پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ پرسی یاسای نەوت و غاز بکرێت، دەڵێت: بۆ دەرکردنی یاساکان پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا هەبێت، چونکە سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بۆ هەر بڕیارێکیش پێویستە ئیرادەیەکی سیاسیی هەبێت.