خەڵاتی زارا دەبەخشرێتە ئامینە عومەر

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بۆ دووەیه‌مین جار رێكخراوی كوردشووپ بۆ خزمه‌تكردنی زمان، مێژوو و  كولتووری كوردی خه‌ڵاتی زارا ده‌به‌خشێته‌ نووسه‌رێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان، كه‌ خزمه‌تی بەرچاوی بە بواری ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی كردووه‌.

ئامینە عومەر لە ئەڵمانیا دەژیت و  زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی زمانی کوردی کردووە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە نەیتوانیوە لە هەولێر بەشداری رێوڕەسمی خەڵات کردن بێت.

خالید جەمیل، کە بە نوێنەرایەتی ئامینە عومەر خەڵاتی زارای وەرگرت، بە کوردستان24ی گوت: "لە ئایندەیەکی نزیکدا خەڵاتەکە دەگەیەننمە دەستی ئامینە عومەر".

ژمارەیەکی بەرچاو لە رووناکبیر و نووسەر و چالاکوانانی مەدەنی لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بەشداریان لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی زارا لە هەولێر کردبوو، بەشێکیان پێیانوایە هێشتا هەوڵی زۆر هەن دژی زمان و کولتووری کوردی لە چەند پارچەیەکی کوردستان.

وڵات قادری، سەرۆکی رێكخراوی كوردشووپ بە کوردستان24ی راگەیاند: "زمان کە ناسنامەی گرنگی هەموو نەتەوەکانە، ئێمە بە گرنگمان زانی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا ساڵانە خەڵات ببەخشینە ئەو کەسانەی خزمەت بە زمانی کوردی دەکەن".

ئامینە عومەر ناسراو بە (کچی کورد) نووسەر، شاعیر، رۆژنامەنووس و مامۆستای زمانی کوردییە، تا ئێستا 15 کتێبی بە زمانی کوردی نووسیوە و دوو بەرهەمیش وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەرەبی.

زارا محەممەدی، لەدایکبووی 1990 لە شاری دێولان-ی پارێزگای سنەیە، چالاکوانی فەرھەنگی و مامۆستای زمانی کوردییە، ئەو وەکو یەکێک لە 100 ژنی کاریگەر لە ساڵی 2022، لەلایەن بی بی سییەوە دەستنیشان کرا، زارا محەممەدی، لە ئایاری 2019 دەستبەسەر کرا کە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ھەتا راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی دۆسیەکەی ئازاد کرا، دواتر لە ساڵی 2020 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی پێکھێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سزای 10 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، ئەم سزایە لە ھەمان ساڵدا لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا تەیاری بۆ 5 ساڵ بەندکران کەم کرایەوە، پاش شەش مانگ لە زیندانیکردنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە. لەگەڵ ئەوەی زارا سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ساڵ و مانگێک ئازاد کرا، کە ھەفتەیەک بەر لە ئازادکردنەکە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، فەرمانی لێبووردنی بۆ ھەزاران کەسی خۆپیشاندانەکانی 2022ی ئێران دەرکردبوو.