قایمقامی هەولێر: نانەواخانەکان ئارد و غازیان بەنرخی پاڵپشتیکراو پێدەدرێت

K24 - هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیەنێت، داواکاری خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان جێبەجێکرا، هەروەها لە ئەمرۆ بەدواوە غازو ئاردیان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ دابین دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8-1-2024، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنی لەگەڵ ئەنجوومەن و خاوەن نانەواخانەکان کۆبوینەوە داواکاریەکانیان وەرگیراو چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

قایمقامی هەولێر گوتیشی: پێشتر نرخی یەک لیتر غازیان بە 600 دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا لیتری بە 300 دینار دەگاتە دەستیان، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆیان دابەین دەکات، هەروەها لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی غاز بەسەر فرن و نانەواخانەکاندا دابەش بکرێت.

لەبارەی نرخی ئاردیش دەڵێت: ئەوان لە بازار فەردەیەک ئاردیان بە 34 هەزار دینار دەکڕی ئێستا بە 30 هەزار دینار ئاردیان پێدەدرێت جگە لەداشکاندنی لەسەدا 50 کرێی کارەبا.

بریاری سەرۆکی حکوومەتیش بۆ 10 سەموون و 10 نان بە هەزار دینار چووە بواری جێبەجێکردنەوە.