نێچیرڤان بارزانی: وەک هەرێمی کوردستان نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران

"دەمانەوێت پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئێران هەبێت"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پەیوەندییەکانمان باشە و وەکو هەرێمی کوردستان دەمانەوێت پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەردەوام جەختمان لەوەکردووەتە نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانمان بەتایبەتی ئێران.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی تەقینەوەی شاری کرمانی ئێران سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی لە هەولێر کرد.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "بۆ دەربڕینی هاوسۆزی هەرێمی کوردستان  و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو کارە تیرۆریستییەی کە لە کرمان ئەنجامدرا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان خەڵکی بێ گوناحی ئەو شارە، هاتووین سەرەخۆشی خۆمان بگەیەنینە کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکی ئێران بە گشتی و شاری کرمان بە تایبەتی، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمانییان پێبگەیەنین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "جەختمان لەوەکردەوە کە دەبێ بەردەوام بین لە هاوکارییکردن و ئیشکردن لەگەڵ یەکتر بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە، هەروەها بیری خۆمان دێنینەوە ئەو یارمەتییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتی هاتنی داعش هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستانیان داوە، سوپاسمان کردن بۆ هەموو ئەو هاوکارییانە".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو دراوسێیەکی گرنگی ئێمە بەردەوام دەمانەوێت پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە باشتر بێت".

راشیگەیاند: "لەو شوێنانەی کە ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەبووە، کۆماری ئیسلامی ئێران یارمەتی ئێمەی داوە، لە هەرێمی کوردستان ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانمان، بەتایبەتیش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران".