شێخە حەسینە بۆ جاری پێنجەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش شێخە حەسینە، دوای ئەوەی پارتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا، توانی بۆ جاری پێنجەم ببێتەوە سەرۆکوەزیران.

کۆمیسۆنی هەڵبژاردنی بەنگلادیش بە فەرمی پارتی "کۆمەڵەی عەوامی" وەک براوەی هەڵبژاردنی وڵاتەکە ناساند ، کە زیاتر  لەسەدا پەنجای کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا کە ژمارەیان 300 کورسییە.

دوێنێ هەڵبژاردنەکان لە بەنگلادیش بەڕێوەچوو، کە پارتی نەتەوەیی بەنگلادیش، کە ئۆپۆزسیۆنی فەرمی وڵاتەکەیە، بایکۆتی هەلبژاردنەکانی کردبوو ، هەروەها ئەنجامەکانیشی بە "ناشەرعی" وەسفکرد.

لەبەرامبەردا، شێخە حەسینە پارتی نەتەوەیی بەنگلادیشی وەک "گروپێکی تیرۆرستی" ناساندووە، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە لەئێستادا لە زینداندان.

شێخە حەسینە کچی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادیشە کە لە ساڵانی 70 کانی سەدەی رابردوو لە کودەتایەکی سەربازیدا لەگەڵ خانەوادەکەیدا کوژران، کە ئەوکات حەسینە تەمەنی 27 ساڵان بوو.

دوای ساڵانێک لە ئاوارەیی، حەسینە دەگەرێتەوە ولات و بەشداری لە کاری سیاسی دەکات تاوەکو ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو توانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش.

حەسینە وەک کارەکتەرێکی سەرەکی رزگارکردنی بەنگلایش لە هەژاری و بارودۆخی نالەبەری ئابووری دادەنرێت.

‌هەرچەندە ئەو سەرکردە ئافرەتە، کە ئێستا لە تەمەنی 76 ساڵیدایە، دژ بە حکومڕانی عەسکەرتاریەت کاریکردووە، لە ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەوڕووی رەخنەی زۆر بۆتەوە لەسەر زیندانیکردنی رکابەرە سیاسیەکانی.

ئەمرەیکا سزای خستۆتە سەر چەندین سەرکردەی سەربازی وڵاتەکە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

دوێنێ یەکشەممە، دەنگدەرانی بەنگلادیش چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ دەنگدان، جێگای باسە لایەنەکانی دیکە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد بوو، لەنێوشیاندا پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.

 بەنگلادیش هەشتەم وڵاتی جیهانە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە کە "نزیکەی 170 ملیۆن کەسە" و بەدەست هەژارییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت، بەڵام بە سەرکردایەتی پارتی "کۆمەڵەی عەوامی" گەشەیەکی بەهێزی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات لەلایەکی دیکەوە حکومەت رووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە.