ئەمەریکا.. دەرگای ئەو فڕۆکەیە دۆزرایەوە کە لە ئاسماندا کەوتە خوارەوە

K24 - هەولێر

ئیدارەی فڕۆکەوانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئەو دەرگایەی دۆزیوەتەوە کە رۆژی هەینی لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی "ئالاسکا ئێرلاینز" جیابووەوە هەروەها لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی رووداوەکەش دەستی پێکردووە.

جێنیفر هۆمندی، سەرۆکی دەستەی نیشتمانی سەلامەتی گواستنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، مامۆستایەک کە ناوی "بۆب"ـە، دەرگای فڕۆکەکەی لە باخچەی ماڵەکەی خۆی لە شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆن دۆزیوەتەوە.

هۆمندی گوتیشی: مامۆستاکە "وێنەیەکی گرتووە، وێنەکان تەنها بەشی دەرەوەی دەرگاکە نیشان دەدەن، واتە بەشە سپییەکان، ئێمە هیچ شتێکی تر نابینین، بەڵام دەچین وەریدەگرین و دەست دەکەین بە پشکنین و لێکۆڵینەوە".

هێڵە ئاسمانییەکان و ئاژانسەکانی سەلامەتی لە سەرانسەری جیهان هەندێک فڕۆکەی جۆری بۆینگ 737 ماکس 9 یان فڕاندووە دوای تەواو بوونی پشکنینەکان، هەروەها دوای رووداوەکە دەیان گەشت هەڵوەشایەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا فەرمانی دا 171 فڕۆکەی جۆری بۆینگ 737 ماکس 9، پشکنینی دەستبەجێیان بۆ بکرێت و رێگری لە فڕینیان کرد، تا پشکنینەکان تەواو دەبێت، کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە  چوار تاوەکو هەشت کاتژمێر کات هەیە بۆ هەر فڕۆکەیەک.

هەروەها بەگوێرەی رێنماییەکانی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا، ئەو مۆدێلانە دەگرێتەوە کە "دەرگای ناوەڕاستیان داخراوە"، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوکراوەتەوە.

ئەم جۆرە فڕۆکانە دەرگایەکی توند و داخراویان هەیە، کە بە بەربەستێک شاردراوەتەوە، کە تەنها رێگە بە بینینی پەنجەرەیەک دەدات، ئەمەش بژاردەیەکە کە کۆمپانیای بۆینگ پێشنیاری دەکات بۆ کڕیارەکان بەپێی خواستی خۆیان.

کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی "یونایتد ئێرلاینز" و "ئالاسکا ئێرلاینز" کە خاوەنی زۆرترین فڕۆکەی 737-9، رۆژی یەکشەممە پشتڕاستیان کردەوە کە فڕۆکەکانیان نیشتیتەوە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت.

هەروەها هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش لەوانەش هێڵی ئاسمانی تورکیش گەشتەکانیان بەو فڕۆکانە راگرتووە، لای خۆیەوە دەسەڵاتی سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەوروپا جەختی کردەوە کە پەیڕەوی لە راسپاردەکانی ئەمەریکا دەکات.

رووداوەکە رۆژی هەینی روویدا، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئالاسکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆرتلاند لە ئۆریگۆن بەرەو ئۆنتاریۆ لە کالیفۆرنیا.

دەستەی سەلامەتی گواستنەوەی نیشتمانی ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی فڕینی فڕۆکەکەدا کە 171 سەرنشین و شەش کارمەندی هەڵگرتبوو، لە بەرزی پێنج هەزار مەتر دەرگاکە لە کابینەکە جیابووەوە.

دوای نزیکەی بیست خولەک دواتر فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتەوە و رووداوەکە تەنها چەند بریندارێکی سوکی لێکەوتەوە.