عادل باخه‌وان: ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پێویستی به كۆده‌نگی نیشتمانی هه‌یه
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا ساڵی 2023ـی وه‌ك ده‌رفه‌ت به عێراق دا، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات و كۆتایی به هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان بهێنێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. ده‌شڵێت، ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پێویستی به كۆده‌نگی نیشتمانی عه‌ره‌ب، كورد، شیعه و سوننه و ئه‌وانی دیكه هه‌یه.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 8ـی كانوونی دووه‌می 2024) عادل باخه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه حاكم فه‌رهاد له كوردستان24 پێشكه‌شی ده‌كات، سه‌باره‌ت به هێرشی گرووپه چه‌كداره‌كان و چاره‌نووسی حوكمڕانی له عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، ئه‌مه‌ریكا ساڵی 2023ـی وه‌ك ساڵی ده‌رفه‌ت به حكومه‌تی عێراق به‌خشی، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گرفته ناوخۆییه‌كانی بكات به‌تایبه‌تی سه‌ركێشییه‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان و كێشه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك له ماوه‌ی سێ مانگدا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق 19 جار له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا هه‌موو هه‌لێكیان بۆ سوودانی ره‌خساند، بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتراك له‌گه‌ڵ وڵاتان و كۆمپانیاكان واژۆ بكات و له‌لایه‌ن پایته‌ختی وڵاتانه‌وه پێشوازی لێ بكرێت و هه‌موو پشتیوانییه‌كی سیاسی، ئه‌منی، دیپلۆماسی، میدیایی و ئابووری پێشكه‌ش كرا.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، سێ بلۆكی سه‌ره‌كی له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا هه‌یه، كه بلۆكی یه‌كه‌م هه‌موو كارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكاته ده‌ره‌وه، بلۆكی دووه‌میش هه‌موو تواناكانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها بلۆكی سێیه‌میش چاوه‌ڕوانی هه‌ردوو بلۆكه‌كه‌ی دیكه ده‌كات و بزانێت كامیان سه‌رده‌كه‌وێت پشتگیری بكات و له‌ناو هه‌ر سێ بلۆكه‌كه‌شدا حكومه‌ته‌كه‌ی شیاع سوودانی به بارمته گیراوه.
حكومه‌تی عێراق ناتوانێت بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ بكات، چونكه ساڵی 2014 هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر داوای نووری مالیكی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و كاتی عێراق گه‌ڕانه‌وه، واته عێراق وه‌كو پاڕانه‌وه داوای گه‌ڕانه‌وه‌یانی كردووه. هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق له‌و كاتدا به كۆده‌نگی هاوبه‌شه سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق له عه‌ره‌ب و كورد و ئه‌وانی دیكه بووه.
عادل باخه‌وان جه‌ختیكرده‌وه، ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به هه‌مان شێوه دووباره پێویستی به كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب و كورد و شیعه و سوننه و ئه‌وانی دیكه هه‌یه، كه له‌م نێوه‌نده‌شدا كورد و سوننه ئه‌وه‌یان ناوێت.
به‌گوێره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق "كۆماری ئیسلامی ئێران" له ئێستادا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت ئه‌مه‌ریكا عێراق به‌جێبهێڵێت، چونكه ئه‌و كات ئێران رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی ئابووری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ده‌بێته‌وه.
سه‌باره‌ت به هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان عادل باخه‌وان گوتی، حكومه‌تێكی به‌رپرسیار له به‌غدا نییه بۆ ئه‌و جۆره هێرشانه ده‌كرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. روونیشیكرده‌وه ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیاری نیشتمانی له عێراق هه‌بووایه، له‌و ساته‌وه‌خته‌دا هه‌رگیز رێگه‌ی نه‌ده‌دا محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له سه‌رۆكی په‌رله‌مان دووربخرێته‌وه.
تیشكی خسته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق بۆ ماوه‌ی ساڵێك بوو به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه له 2003ـوه هیچ ساڵێك به‌قه‌د ساڵی 2023 گرفته‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان قووڵ نه‌بوون.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق دووپاتیكرده‌وه، یه‌كهه‌ڵوێستی نیشتمانی هێزه كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی پارت و رێكخستنه سیاسییه‌كان و وه‌كوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به به‌غدا، یه‌كێكه له میكانیزمه‌كانی رێگه‌گرتن له به‌رده‌وامی هێرشی درۆنه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. جه‌ختیشیكرده‌وه، هه‌موو حزبه عێراقییه‌كان باوه‌ڕیان نه فیدڕاڵی و نه به ئۆتۆنۆمی هه‌رێمی كوردستان نییه و پێیان وایه خه‌نجه‌رێكی ژه‌هراوییه له هه‌ناوی عێراقی عه‌ره‌بی دراوه. روونیشیكرده‌وه، ئه‌و فیدڕاڵییه‌ی له ده‌ستووردا دانی پێنراوه، له‌ژێر فشاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و هێز و حزبه عێراقییانه‌دا سه‌پێنراوه.