لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 700 هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەشن

K24 – راپەڕین:

دوای بڕیاری بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان چاوەرێ دەکرا، رۆژی دووشەممە دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیاندا بکرێنەوە بەڵام مامۆستایان درێژەیان بە بایکۆتدا و قوتابیانیان جارێکی دیکە نائومێد کرد.

زیاتر لە 700 ھەزار قوتابی لەسنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین  ھەن و چوار مانگە لە خوێندن بێ بەشن و تەنانەت ئەمساڵ بەشێكیان كتێبیشیان وەرنەگرتووە .

باوکی قوتابیەک دەڵێت: مامۆستایان مافی خۆیانە مووچە لەکاتی خۆی وەربگرن، بەڵام ناکرێت خەمی خوێندنی 700 ھەزار قوتابییان نەبێت کە چوار مانگە لە خوێندن بێبەشن.

وەزارەتی پەروەردە بەڵێنیداوە بەشێک لە داواکاری مامۆستایان جێبەجێ بکات، بەڵام ھێشتا مامۆستایان لە بایکۆت بەردەوامن و ئامادەنین دەست بەدەوام بکەنەوە و سەدان ھەزار قوتابی لە چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ساڵێکیان دڵنیابکەنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، یوسف ناودەشتی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی راپەڕین، بە کوردستان24ـی گوت: "قەرەبووکردنەوەی ماوەی خوێندنی لە دەستچوو ئەوە نییە بگوترێت شتێکی مەحاڵ بێت، هەروەها ساڵنامەیەکی نوێ خوێندن بۆ سنووری بایکۆت هەمواردەکرێتەوە".