حکومەتی عیراقی لەڕێگەی نامەی مۆبایلەوە  داوای رای هاووڵاتیان دەکات لەسەر مانەوەی هاوپەیمانان

نامەی حکومەتی عێراقی بۆ هاووڵاتیان
نامەی حکومەتی عێراقی بۆ هاووڵاتیان

K24-هەولێر :

حکومەتی عێراقی لەرێگەی نامەی مۆبایلەوە، داوا لە هاووڵاتیانی عیراق دەکات رای خۆیان بدەن لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا.

ئەمڕۆ دووشەممە(8-ی کانوونی دووەمی 2024(، میدیاکان بلاویان کردەوە، حکومەتی عێراق لەڕێگەی نامەی مۆبایلەوە کە بۆ تەواوی هاووڵاتیانی عێراقی ناردووە، داوای رایان دەکات لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا.

ئەو جموجۆڵەی بەغدا لە کاتێکدا دێت. هێرشەکانی چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، لەماوەی دواییدا زیادی کردووە، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەمریکا وەڵامی توندی گرووپە چەکدارەکان دەداتەوە.

پرسی کوشتنی فەرماندەیەکی گرووپی نوجەبا و جێگری فەرماندەی جموجۆڵەکانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی هەفتەی رابردوو لە هێرشێکی ئەمریکادا، گرووپە چەکدارەکان و پارتە شیعیەکانی توڕە کرد و وای کرد داوای دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بکەن لە عێراقدا.

لە نامەیەکی کورتدا، حکومەتی عێراقی داوای لە هاووڵاتیانی کردووە، رای خۆیان بدەن لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا، پرسیارەکەشی بەو شێوەیە لە خەڵکی کردووە، هاووڵاتی بەرێز ئایا تۆ لەگەڵ مانەوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق؟