داعش دوو شوانی لە خورماتوو رفاند

شوانێک (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)
شوانێک (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر

داعش چوار شوانی لە خورماتوو رفاند؛ دووانی ئازادکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی دووانەکەی دیکە نادیارە. سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، جموجووڵی داعش لەو ناوچەیە زیادیکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 09-01-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی خۆجێیی قەزای خورماتوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 08-01-2024، چوار شوان، کە دووانیان مێردمنداڵ بوون؛ لە ناوچەی زەرگەی نێوان پارێزگای سڵاحەددین و قەزای خورماتوو لەلایەن ژمارەیەک چەکداری داعشەوە رفێندران.

بە گوتەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، چەند کاتژمێرێک دوای رفاندنیان؛ داعش دوو شوانە مێردمنداڵەکەی ئازادکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو شوانەکەی دیکە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ "شوێنێکی نادیار" بردراون.

وەکو ئەوەی سەرچاوەکە ئاماژەی پێ دا، هەر چوار شوانەکە لە نەتەوەی (عەرەب)ـن. گوتیشی، ئەو ناوچەیەی شوانەکان لێی رفێندراون لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانە؛ لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێک دەستنەکەوتووە. 

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئەوەشی خستەڕوو، ماوەیەکە جموجووڵی چەکدارانی داعش لە ناوچەی نێوان پارێزگای سڵاحەددین و قەزای خورماتوو و بە تایبەت ئەو شوێنانەی هێزی ئەمنی لێ نییە، زیاد بووە.