نرخی زەوی کشتوکاڵی لە سنووری هەڵەبجە بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە

K24 – دەشتی شارەزوور:

ئەو گرنگییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کشتوکاڵی داوە وایکرد خواست لەسەر کشتوکاڵکردن و باخداری روو لە زیادبوون بکات، بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی کە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەمەش نرخی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری هەڵەبجەی بۆ سێ هێندە بەرزکردووەتەوە.

وەرزێر عەبدولڕەحمان، خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی زەوی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، نرخی زەوی کشتوکاڵی بەروارد بە دوو ساڵی رابردوو نرخەکەی بە رێژەی 30% بۆ 50% زیادیکردووە، بەهۆی ئەوەی خەڵک خواستی لەسەر کشتوکاڵکردن هەیە بۆ چاندنی گەنم و دروستکردنی باخی هەنار.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا بەرهەمەکانی جووتیاران لە بازاڕدا بە ئاسانی ساغ دەبێتەوە وەک ساڵانی رابردوو نییە، هەر ئەمەش هۆکارە کە خەڵک زیاتر رووی لە کشتوکاڵکردن کردووە.

دروستکردنی باخی هەنار و بەشێك لەو بەرهەمانەی کە ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بە بازاڕکردنیان بۆ دەکات، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ستار مەحمود ساڵح، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی گوت: "لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رووبەرێکی زۆر باش باخی هەنار هەیە، کە دەگاتە نۆ هەزار دۆنم، لە دوای پڕۆسەی بەبازاڕکردنی هەنار بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی ئومێدێکی باش بۆ جووتیاران دروستبووە کە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان دۆزراوەتەوە".

یەکێک لە کارە لەپێشینیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆ، بە تایبەتی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان، ئەمەش وایکردووە باخەوان و جووتیاران زیاترە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن و لە هەوڵی ئەوە دابن کە بەرهەمەکانیان هەمەچەشن بکەن، چونکە ترسی خراپبوون و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان نەماوە.