قەدەغه‌کردنی خواردنی گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور هەرای ناوەتەوە

قەدەغه‌کردنی خواردنی گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور هەرای ناوەتەوە (وێنە: AP)
قەدەغه‌کردنی خواردنی گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور هەرای ناوەتەوە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

پەسەندکردنی بڕیاری قەدەغه‌کردنی خواردنی گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور هەرای ناوەتەوە. سەگ خۆر و بەتەمەنەکانی ئەو وڵاتە توڕەن و دەڵێن، "سەرۆکی وڵاتیش بۆی نییە ئەو خواردنە بەلەزەتەمان لێ قەدەغە بکات".

رۆژی سێشەممە، 09-01-2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور پڕۆژە یاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی بەخێوکردن و کوشتنەوەی سەگ بۆ خواردن په‌سه‌ند کرد.

کیم یۆنگ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوور رایگەیاند: "بە 208 دەنگی بەڵێ و دوو دەنگی بێلایەن، پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی کوشتنەوە، بەخێوکردن و فرۆشتنی گۆشتی سەگ بۆ خواردن پەسەند کرا".

ئەو بڕیارەی پەرلەمان هاووڵاتییانی کۆریای باشووری بۆ دوو بەرە دابەش کردووە. ئاژەڵدۆستانی ئەو وڵاتە بە بڕیارەکە خۆشحاڵن. لە بەرانبەریشدا جووتیارانی کێڵگەی بەخێوکردنی سەگەکانی توڕە کردووە.

خواردنی گۆشتی سەگ لەلای کۆرییەکان وەک نەریتێکی لێهاتووە، بەڵام چەندین ساڵە چالاکوانانی بواری ئاژەڵان و نەوەی نوێ داوای قەدەغەکردنی ئەو نەریتە دەکەن.

لی سانگ کیونگ، بەڕێوەبەری هەڵمەت لە کۆمەڵگەی مرۆیی نێودەوڵەتی: "ئێمە لە کۆمەڵگەی مرۆیی نێودەوڵەتی لە 2015 لە پێناو کۆتاییهێنان بە خواردنی گۆشتی سەگ دەجەنگین. زۆر خۆشحاڵ لە کۆتاییدا پڕۆژە یاساکە پەسەندکرا."

هەرچی جووتیارانی کێڵگەی بەخێوکردنی سەگەکانن؛ لە بڕیارەکە توڕەن و دەڵێن هیچ کەسێک، تەنانەت سەرۆکی وڵاتیش بۆی نییە گۆشتی سەگ، کە بەلای ئەوان خواردنێکی نەریتی و بەتام و سوودە؛ قەدەغە بکات.

یو یۆن بۆن، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی کێڵگەی سەگ گوتی: "نە سەرۆکی سەرۆک، نە هاوسەرەکەی، نە ئەندامانی پەرلەمان، سیاسەتمەدار و بەتایبەت وەزیری کشتوکاڵ دەسەڵاتی ئەوەیان نییە مافی خواردنی لە خەڵک بستێنن. بێبەشکردنی هەر هاووڵاتییەک لە مافی خواردن پێشێلکردنی مافە."

بڕیاری قەدەغەکردنی گۆشتی سەگ لە دوای سێ ساڵی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن. حکومەت تا ئەو کاتە هاوکاری خاوەن کێڵگەکان دەکات بتوانن کەسابەتێکی دیکە بدۆزنەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی کۆریای باشوور، تا 2023 هەزار و 600 خواردنگەی گۆشتی سەگ و هەزار و 150 کێڵگەی بەخێوکردنی سەگ لەو وڵاتە هەبوون.