کۆریای باشوور خواردنی گۆشتی سەگی قەدەغە کرد

خۆپیشاندانی ئاژەڵدۆستانی کۆریای باشوور لە بەرامبەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە (وێنە: AP)
خۆپیشاندانی ئاژەڵدۆستانی کۆریای باشوور لە بەرامبەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

پەرلەمانی کوریای باشوور ئەمڕۆ سێشەممە، 09-01-2024، یاسای قەدەغەکردنی خواردن، سەربڕین و بازرگانیکردن بە سەگەوە پەسەند کرد.

یاساکە بە دەنگی سەرجەم پەرلەمانتارانی وڵاتەکە پەسەندکرا. بڕیارەکەی پەرلەمانی کۆریای باشوور لە دوای فشارێکی چەند ساڵەی چالاکوانانی بواری ئاژەڵان دێت دژ بەو نەریتە کە خواردنی گۆشتی سەگ بەشێکی سەرەکییە لە خواردنەکانی ئەو وڵاتە.

خواردنی گۆشتی سەگ لە نێو گەنجان و دانیشتووانی شارەکانی کۆریای باشوور بە بەراورد بە خەڵکی گوندەکان زۆر کەمە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا دژ بە نەریتەکە هاتنە دەنگ.

یاساکە قەدەغەی فرۆشتن و خواردنی گۆشتی سەگ و بازرگانیکردن بە گۆشتی سەگەوە دەکات. هەر کەسێک سەرپێچی یاساکە بکات، بە سزای سێ ساڵ زیندانیکردن بەند دەکرێت یاخود بڕی 23 هەزار دۆلار سزا دەدرێت.

پەرلەمانتاران و چالاکوانانی بواری ئاژەڵان لە دەرەی باڵەخانەی پەرلەمان ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی دەرچوونی یاساکەوە بە گووتنەوەی "بای بای خواردنی گۆشتی سەگ".

نزیکەی 11 هەزار  کێڵگەی بەخێوکردنی سەگ بەمەبەستی بەرهەمهێنانی گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور هەن.