هەوڵدەدرێت وانەی ژینگەیی لە ناوەندەکانی خوێندن زیاد بکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆکى دەستەى چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و ئەوقاف و دەستەی مافی مرۆڤ، پلانمان هەیە وانەی ژینگەی لە ناوەندەکانی خوێندن زیاد بکرێت.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکى دەستەى چاککردن و پاراستنی ژینگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وانەیەکی ژینگەیی هەیە، دوای خوێندنی دووساڵی پەیمانگا کە مامۆستایانی ئایینی دەیخوێنن، بۆ ساڵی ئایندە بەردەوامی بەمە دەدەین لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ئەوقاف و دەستەی مافی مرۆڤ، کە لەناوەندەکانی خوێندن وانەی ژینگەیی بخوێندرێت، بەڵام هەمیشەیی نەبێت، پلانمان هەیە بۆ ئەمساڵ کار بە ماددەی دەستووری 33ی هەمیشەیی عێراق بکەین و بایەخی پێبدەین، کە دەڵێت: هەموو تاکێک مافی ئەوەی هەیە، لە بارودۆخی ژینگەیی سەلامەتدا بژیت".

گوتیشی: "مافی دەستووری هەموو تاکێکە ژینگەییەکی لەباری هەبێت، بۆیە ئێمە و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆبوونەوەی ئەزموونیمان کردووە، کۆبوونەوەی داهاتووشمان یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت، بۆ ئەوەی پێکەوە ژینگە لە مافی مرۆڤ، مافی مرۆڤیش لە ژینگەدا جێگیر بکەین و جێگەی بکەینەوە".

عەبدولرەحمان سدیق، راشیگەیاند: "ئێمە لە کوردستاندا فەرمانگەی ژینگەمان لە هەموو ناوچەیەک دەبێت، لە هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکەدا، داوامان لێکراوە هەموو وەزارەتەکان، هەموو دەستەکان پەیڕوەی ناوخۆیان هەبێت، لە بابەتی هونەری و تەکنیکی وەزارەتەکان ئەوانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا زۆرە، وەزارەتی ناوخۆ، گشتاندنێکی بۆ بەڕیوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ کرد کە هەر ئۆتۆمبێل کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەردی ساڵانسەی دەرهێنرابێت نابێت تۆمار بکرێت، بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی باشبوو لەو بوارەدا".