کاروانێکی دیکەی هاوکاری پزیشکی بۆ غەززە هەڵدەوەشێتەوە

K24 - هەولێر

بەهۆی دۆخی ئەمنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کاروانێکی دیکەی هاوکارییە پزیشکییەکانی بۆ غەززە هەڵوەشاندەوە، راشیگەیاند: لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەمە شەشەمین کاروانی هاوکارییەکانە هەڵدەوەشێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "ئەو کاروانە شەشەمین کاروانی هاوکارییە بۆ خەڵکی باکووری غەززە هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەش بەهۆی بۆردومانی چڕ و سنووردارکردنی جوڵە، کەمیی سوتەمەنی و پچڕانی پەیوەندییەکان وا دەکات هاوکارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەکانمان نەتوانن بگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی، بۆیە داوا لە ئیسرائیل دەکەین، داواکارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەکانی دیکە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی پەسەند بکات".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر رایگەیاندبوو، تەنیا 15 نەخۆشخانە لە غەززە کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، خراپبوونی بارودۆخەکە وایکردووە کە رێگە خۆشکەر بێت بۆ نەخۆشییە درمیەکان، هەروەها، ریچارد پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی سکچوون لە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە مانگی نۆڤەمبەری 2023 بە بەراورد بە تێکڕای ساڵی پێشوو 20 هێندە زیاد بووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، تائێستا نزیکەی 17 کاروانی مرۆیی بۆ غەززە هەڵوەشاونەتەوە، لە کۆی ئەو  21 کاروانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم مانگەوە پلانی بۆ داناوە، کە بەگەیەندرێت بە خەڵکی غەززە.

مایک رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی فریاگوزاری تەندروستی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لای خۆیەوە رایگەیاندووە، گەڕاندنەوەی سیستەمی تەندروستی گشتی غەززە پێویستی بە ئاگربەست و کارێکی گەورەیە.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر