قادر جەلال: تا دواهەناسەم لە خزمەت هونەر و کولتووری نەتەوەکەم دەبم

K24 - هەولێر

هونەرمەند قادر جەلال، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24 باسی هونەری سینەما و شانۆ دەکات و دەڵێت: تا دوا هەناسەم بەردەوام دەبم لەخزمەتی هونەر و کولتووری نەتەوەکەم.

دەربارەی ئەوەی، کە بۆچی زیاتر گرنگی بە دراما و سینەما دەدات و کەمتر بە شانۆ هونەرمەند قادر جەلال ئاماژەی بەوەدا، دراما لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە زۆر زیاتر دەچێتە ناو خەڵک و کاری دراما ئاسانترە لەکاری شانۆ.

قادر جەلال باس لە فکرەی سینەما و دراما دەکات و دەڵێت: دراما و فیلمی کوردی دەبێ خاوەنی پەیام بێت بۆ رۆشنبیرکردنی بینەر،وە هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگای کوردەواری بێت.

دراما و سینەما تایبەتمەندی خۆیان هەیە و هەموو کاتێک ئامادەم  ڕۆڵیان تێدا بگێڕم، ئەگەر ناوەڕۆکەکەیم بەدڵ بێت و مافی خۆمی تێدا مسۆگەر بکەم.

دەشڵێت: پێم وایە هەندێک لە دەرهێنەران زیاتر بۆ خزمەتی هونەر کار دەکەن، وە هەندێکیشیان تەنیا مەبەستیان بەدەستهێنانی پارەیە، دەرهێنەریش مافی ئەوەی هەیە لەپای ماندووبوونی خۆی پاداشتەکەی وەربگرێتەوە، بەڵام نەک پشکی شێر بەتەنیا بەرخۆی بکەوێت.

ئەو هونەرمەندە باس لە سەنگی دراما و سینەمای کوردی دەکات و ئاماژەی پێدا: دەستخۆشی لە هەموو ئەو هونەرمەندانە دەکەم کە بەدڵسۆزی کار بۆ شانۆ و دراما و سینەمای کوردی دەکەن، لە ئێستادا چالاکی زۆر دەبینم و   پێی دڵخۆشم، هیوادارم ئەو کارانە ببێتە هۆی  ئاشتکردنەوەی بینەر لە هەرسێ بوارەکەدا.

سەبارەت بە بینەری کوردی ئەو هونەرمەندە دەڵێت: بینەری ئێمە کارێکی دەوێت کە خۆی ببینێتەوە لە ناو چیرۆکی کارەکەدا، ھەر لە ئازارەکانییەوە تا خۆشی و ناخۆشییەکانی، دەبێت واقیعی ژیانی خۆمان بێت، نەک ھەندێ چیرۆک و ڕووداو، کە زۆر دووربن لە ئێمە و دەبێ پەیامێک بگەیەنین کە بینەرەکانمان سودییان پێبگات. کار بۆ کار جیاوازە من ناتوانم لە بری ھەموو کارەکان قسە بکەم تەنیا دەتوانم بڵێم ھەندێک کارمان ھەیە دەستی خستۆتە سەر برینی کۆمەڵگا، ھەندێ کاریش نەخێر، ژیانێکی بە بینەر پیشانداوە کە زۆر دووربووە لە واقیعی کۆمەڵگاوە.

هونەرمەند قادر جەلال تەمەنی 68 ساڵە و لە سلێمانی لەدایکبووە، زیاتر لە نیو سەدەیە  بەردەوامە لە کاری هونەری و لە دەیان شانۆ و دراما و کورتە فیلم و فیلمی درێژ  بەشداری کردووە و رۆڵی بەرچاوی بینیووە.