ئەندامێکی شاندی دانوستانکار: هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە ئاسان بووە

K24 - هەولیر

ئێستا بەغدا داهات و خەرجی و ژمارەی فەرانبەرانی هەرێمی کوردستان و داهات و خەرجی نەوتیشی لەبەردەستە، بەهۆی ئەو راپۆرتانە ئێستا هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە ئاسان بووە.

محەمەد شاکر، ئەندامی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24ـی راگەیاند، هەموو داتا و زانیاریی و ژمارەی فەرمانبەران و خەرجی و داهاتەکان پێشکەشی بەغدا کراوە، بەمەش کاریگەرییەکی باشی لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان هەبووە.

شاکر گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر کەشی گفتوگۆکان هەبووە، کە نیازپاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشانداوە.

لەلایەکی دیکەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی دروست کردووە، تاوەکو کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.

گوتیشی: لیژنەکە پێکهاتووە لە راوێژکارانی سوودانی و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان، تاوەکو گۆڕانکاری لە یاسای بودجەدا بکەن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: "یاسایی بودجە دووبڕگەی تێدایە کە دەیانەوێت گۆرانکاری تێدابکەن، کە یەکێک لە بڕگەکان باس لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات، کە مووچەکان لە "ئینفاقی فعلی" دەگوازنەوە بۆ "نەفەقاتی حاکیمە"، دەشڵێت: بڕگەی دووەم، بابەتی تێچووی گازە کە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، چونکە بەگوێرەی بڕگەی ئێستا دەبێت تێچووی گاز بە هەشت دۆلار هەژمار بکرێت، بۆیە دەیانەوێت گۆڕانکاری لەو بڕگەیەش دابکەن، بۆئەوەی وایلێبکەن کە وەزارەتی پەیوەندیدار بڕیار بدات تێچووی گاز چەندە، کە بەپێی خەمڵاندنی ئێمە 20 بۆ 21 دۆلارە".

جەمال کۆچەر راشیگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانە قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، رامیار رزگار، شارەزای بواری ئابووری بەکوردستان24ـی راگەیاند، پیشبینی دەکەم بابەتی مووچەی فەرمانبەران گەیشتبێتە قۆناغی کۆتایی، لەبەر ئەوەی دۆخەکە هەم لەناوخۆیی عێراق و هەم نێودەوڵەتیش گەیشتە ئەو قۆناغەی کە نابێت هیچی دیکە سزای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەهۆی کارتی فشاری سیاسییەوە، بۆیە دەبێت هەمواری یاسایی بودجە بکرێتەوە مووچەی فەرامنبەرانی هەرێمی کوردستان  بخرێتە ناو "نەفەقاتی حاکیمە".

ئا: لاڤین عومەر