کاروان جەلال: بیانووی کۆمیسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر لاوازە

کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان رایدەگەیەنێت، بیانووی کۆمیسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوایە کێشەی داراییان هەیە "زۆر لاوازە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتا و زانیاری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "مەرج نییە هەموو ئەو بودجەیەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدات؛ بە یەک پاکێج خەرجی بکات و دەکرێت بڕە پارەکە بە چەند قۆناغێک بدرێت".

کاروان جەلال گوتیشی، "ئەو بیانوویەی کۆمیسیۆن کە دەڵێت، کێشەی داراییمان هەیە بۆیە ناتوانین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا تەواو بکەین؛ زۆر لاوازە و دەکرێت دەست بە بەشێکی ئامادەکارییەکان بکرێت پێش ئەو هەموو بڕە پارەکە وەربگرن. بڕە پارەی هەرە زۆریش لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن خەرج دەکرێت نەک لە میانی ئامادەکارییەکان".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵایەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. رۆژی 27-12-2023، دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی 21-01-2024 دواخست.

بە گوتەی کاروان جەلال، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، "هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە نابێت. ئەگەر دادگا بڕیاریدا هەڵبژاردنە بە فرە بازنەیی بکرێت، ئەو کات تەنها گۆڕانکاری لە پسوولەی دەنگدان لە پارێزگاکان دێت، ئەگەر نا ژمارەی دەنگدەر، بنکەی دەنگدان و دابەشبوونی دەنگدەران لەسەر بنکەکان هەمان ژمارەیە و ناگۆڕدرێن".