کونسوڵی ئەمەریکا: پاڵپشتی لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین

K24 - هەولێر

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.

ئەمڕۆ 11ـی کانوونی دووەمی 2024 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی.

لە دیدارەکەدا بە گرنگیەوە دۆخی سیاسیی و سەربازی ناوچەکە و مانەوەی سەربازان و راوێژکارانی باڵای ئەمەریکا لە عیراق و بەردەوامی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا.

وەزیری پێشمەرگە، باسی لە رۆڵی گرنگی دیپلۆماتکاران و راوێژکارانی سەربازی و سیاسی ئەمەریکا کرد، لە هەرێمی کوردستان و عیراق، گوتیشی، گەل و حکومەتی ئەمەریکا دۆستێکی راستەقینەی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانن، لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانمان بوون.

دەشڵێت: لە وەزارەتی پێشمەرگە هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی چاکسازین بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکەو لابردنی ئاستەنگ و لەمپەری بەردەم ئەو پرۆسەیە، هەروەها بونیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی تۆکمەی سەردەمیانە.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاند، پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی گیانفیدایەو لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا روڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە و دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و نەهیشتنی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا.

لە بارەی پرۆسەی چاکسازییەوە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد: رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆژەی یاسایی چاکسازیدا ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە، لەم پێناوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی پرۆسەی چاکسازین و لەگەڵتان هاوکار و هەماهەنگ دەبین بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە.