هاووڵاتییەک: بڕیاری هەرزانکردنی نان و سەموون لەم بارودۆخەدا دڵخۆشکەرە

هاووڵاتییان پێشوازی لە بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون دەکەن
هاووڵاتییان پێشوازی لە بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون دەکەن

K24 - هەولێر

هاووڵاتییان پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لە سەموونخانە و نانەواخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، "مەسرور بارزانی برا گەورەیی خۆی سەلماند".

هاووڵاتییەکی شاری هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "بڕیارەکە بۆ ئەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین زۆرباش بوو. دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. پێشتر هەشت سەموون بە هەزار دینارت دەکڕی، ئێستا بە 500 دیناری دەتوانیت پێنج سەموون بکڕی. بڕیارێکی زۆرباشە و لە بەرژەوەندی هەموواندایە".

هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی، "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون. سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتی لە خەڵکی کەمدەرامەت و کاسبکار دەکات و ئێمە لە دڵەوە سوپاسی دەکەین".

هاووڵاتییەکی هەولێریش ئاماژەی بەوە دا، "هەموومان بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دڵخۆشین. مەسرور بارزانی برا گەورەیی خۆی سەلماند زۆر سوپاسی دەکەین کە هەمیشە لە خەمی هەژاراندا بووە".

لەلایەکی دیکەوە د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی هەر 10 نان و سەموون بە هەزار دینار لە نانەواخانە و سەموونخانەکان؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکە و زۆرینەی هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.

بە گوتەی د. محەممەد عەلی، بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون "هیچ قازانجێکی حکومەتیی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵکوو ئەرکە لەسەر حکومەت و ئەرکیشی زیادکردووە".

بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمەودوا لە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)  بێت و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایی دەبێتەوە.

حکومەت بەم شێوەیە قەرەبووی خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکانی کردووەتەوە:

1. سەدا 50ـی کرێی کارەبای سەموونخانە و نانەواخانەکانی کەمکردووەتەوە.

2. ئێستا هەر لیترێکی گازی شل لە بازاڕ بە بە 600 دینارە، بەڵام وەکو پاڵپشتی، لیتر بە 300 دینار بە سەموونخانە و نانەواخانەکان دەدرێت، واتا سەدا 50ـی ئەو نرخەشی کەمکردووەتەوە.

3. ئێستا فەردەی ئارد لە بازاڕەکان بە 34 هەزار دینارە، بەڵام بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان، بە 29 هەزار دینارە و حکومەت چاودێریی کواڵێتییەکەی دەکات. لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئارد بێبەرامبەر پێیان دەدرێت.