یونامی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرسی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن

كڵاودیۆ كۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و دادوەر عومەر، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق
كڵاودیۆ كۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و دادوەر عومەر، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، جەختیان لە دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بە زووترین کات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی کانوونی دووەمی 2024) كڵاودیۆ كۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دادوەر عومەر، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەتەوە. هاوکات دەڵێت: "پیرۆزباییم لە دادوەر عومەر كرد بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و ئێستاش كاتی ئەوەیە تیشك بخەینە سەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان"

جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیانکردووەتەوە کە پێویستە بەزووترین کات وادەی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت.

لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشەممە (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتێكی گونجاودا ده‌كرێت.

ئاماژەی بەوەشدابوو، واده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌ماهه‌نگی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دیاریده‌كرێت.

بەگوێرەیی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، خشتەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (9ـی کانوونی دووەمی 2024) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای کۆمیسیۆنی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر بەهۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.

بەگوێرەی بەرپرسەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکان، بەهۆی ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق زیاتر لە حەوت جار بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایانە دواخستووە؛ نەیانتوانیوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوبکەن، بۆیە داوایان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دەستنیشان بکرێت.