دوو فیلمی دەرهێنەرێکی کورد بەربژێری خەڵاتی "ئۆسکاری بەلجیکا"ـن

سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد
سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد

K24 - هەولێر:

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێند لە بەلجیکا، خەڵاتی "ئەنسۆر" دابەش دەکرێن، کە بە گرنگترین خەڵاتی لە بواری سینەمادا لەو وڵاتە هەژمار دەکرێت و بە "ئۆسکاری بەلجیکا" ناسێندراوە و دوو فیلمی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفە، کاندیدی دوو خەڵاتن.

"جوانیی شاراوەی عێراق" بەڵگەفیلمێکی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە، کە کاندیدی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمە و رکابەری چوار بەڵگەفیلم دەکات، هەروەها لە رێگەی فیلمی سینەمایی "مێسیی بەغدا" بەربژێری خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە.

خەڵاتەکە لەلایەن ئەکادیمیای "ئەنسۆر"ـی بەلجیکا دەبەخشرێت و بەربژێرکراوەکان لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەری یەکلایی دەکرێنەوە کە ژمارەیان دوو هەزار ئەندامە، دواتر لەلایەن لیژنەیەکی سەر بە ئەکادیمیاکە؛ براوەی خەڵاتەکان دیاریی دەکرێن و خەڵاتەکان لە 3ـی شوباتی 2024 لە هۆڵی کورسال لە ئۆستێندی بەلجیکا دابەش دەکرێن و یەکەم خولی لە 2010 بەڕێوەچووە.

فیلمی "مێسیی بەغدا" لە کانوونی یەکەمی 2023 خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێنا و بەخشرایە ئەحمەد محەممەد، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2023، "مێسیی بەغدا" سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا لە هۆڵیوودی ئەمەریکا بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ بوو، جگە خەڵاتێکی دیکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Schlingel" لە ئەڵمانیا.

"جوانیی شاراوەی عێراق" باس لە فۆتۆگرافەری عێراقی، لەتیف عانی دەکات و لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی بەدەستهێنا و ئێستا لە سینەماکانی بەریتانیا پێشاندەدرێت.

سەهیم عومەر خەلیفە، لەدایکبووی زاخۆی باشووری کوردستانە، لە رێگەی دوو فیلمی درێژی سینەمایی و چەند کورتەفیلم و بەڵگەفیلمێکەوە، زیاتر لە 110 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوە.

ۆ
ۆ