بە نرخی پاڵپشتیکراو غازی شل بەسەر نانەوخانە و سەموونخانەکان دابەش دەکرێت

K24 – هەولێر:

غازی شل بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر نانەوخانە و سەموونخانەکان دابه‌ش دەکرێت، ھاووڵاتییان دەستخۆشی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە بڕیاری دابەزینی نرخی نان و سەموون، لە بەرامبەر پێدانی غاز، ئارد و بەردەوامی داشکاندنی نرخی 50%ـی کارەبا، خاوەنی نانەوخانە و سەموونخانەکانیش پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

محەممەد عەبدولستار، کارمەندی کۆمپانیای دابەشکردنی غاز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا، نانەوخانە و سەموونخانەکان لیتری گازی شلیان بە 590 دینار پێدەدرا، بەڵام دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا نرخی لیترێک گازی شل بە 300 دینار پێیان دەدرێت".

دابەزینی نرخی نان و سەموون لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، هاوکات هاووڵاتییانیش ستیاشی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون دەکەن.

بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمەودوا لە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)، هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر و دادەخرێت.