کەسایەتییە ناودارەکانی هەولێر لە چاپکراوێکی نوێی نەجات یاسین نەجاڕدا

K24 – هەولێر:

نووسەر "نەجات یاسین نەجاڕ" کتێبێکی نوێی بە ناوی کەسایەتییە ناودارەکانی هەولێر بڵاوکردەوە، کە پڕە لە یادگار و بەسەرهاتی سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو تا دەگات بە ئەمڕۆ.

نووسەر لە کتێبەکەدا باس لە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین، رۆشنبیر و پەروەردەکار دەکات و تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنێکی ژیانی مێژوویی هەولێر و هەولێرییەکان.

نەجات یاسین نەجاڕ ، نووسەر بە کوردستان24ـی دەڵێت: کتێبەکە باس لە کەسایەتیەکانی هەولێر دەکات، کە لە سەدەی رابردوودا وەک پێشمەرگە ئاسایەک رۆڵی کاریگەرییان بینیووە لە جڤاتی نیشتمانی و هونەر و رۆشنبیری کوردیدا، هاوکات گێڕانەوەی مێژووی بیری چەپ لەم سەردەمەدا.

گوتیشی: جگە لەمەش هەوڵم داوە ئەو بابەت و بڵاوکراوانەی لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە لەم پەرتووکە خنجیلانەیەدا کۆیان بکەمەو، لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەش تیشکم خستووەتە سەر رۆڵی نووسەرانی کورد لە بزووتنەوەی هونەر و دنیای رۆژنامەگەرییدا و بە دیاریکراویش "سەعید ناکام و ممتاز حەیدەری" و هەندێک لە نووسەر و رۆماننووسانی دیکە.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشدا، من لە ناو 15 کەسایەتی ناوداری هەولێر، ئاوڕم لە دوو کەسایەتی یان دوو تێکۆشەری هەولێریش داوەتەوە ئەوانیش؛ شێخە شەل و عەبدوڵا تۆفیقە.