ئەمەریکا دەیەوێت حووسییەکان بخاتە لیستی تیرۆرەوە

حووسییەکانی یەمەن
حووسییەکانی یەمەن

K24 - هەولێر

ئەمەریکا بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، گورزی سەربازی لەناو خاکی یەمەن لە حووسییەکان وەشاند، پلانیشی هەیە ئەو گروپە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، لەرێگەی مووشەکی تۆماهۆکەوە بارەگایەکی ئاسمانی حووسییەکانیان لەناو خاکی یەمەن وێرانکردووە، کە سیستەمی راداری تێدابووە.

ئەمە دووەم گورزی سەربازیی ئەمەریکایە لە حووسییەکان لەناو خاکی یەمەندا، بەڵام ئەمجارە ئەمەریکا بەتەنها و بەبێ هاوکاریی بەریتانیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.

 لەلایەکی دیکەوە و بەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی دەریای سوور، ئیدارەی جۆو بایدن لە هەوڵدایە حووسییەکانی یەمەن بخاتە لیستی تیرۆرەوە. لەوبارەیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتن تاوتوێی خستنە لیستی تیرۆری گروپی ئەنساروڵای سەربە حووسییەکان دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، لە رێگەی بەئامانج کردنی حووسییەکانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردووە کە چی بکات و چی نەکات. سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، "حووسییەکان رێکخراوێکی تیرۆریستین."

هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ خستنە لیستی تیرۆری حووسییەکان لە کاتێکدایە، لە مانگی نۆڤەمبەری رابردووەوە ئەو گرووپە 27 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور. لەبەرامبەردا 12ی ئەم مانگە ئەمەریکا و بەریتانیا  بە 100 مووشەک بارەگاکانی ئەو گرووپەیان لەناو خاکی یەمەن بۆردوومانکرد و پێننج چەکداری حووسییەکانیشیان کوشت.