دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 232 پەرلەمانتار دەستیپێکردەوە.

پێش دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکەش، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هەرچەندە زەنگی کۆبوونەوە لێدراوە، هاوکات سەرجەم سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەتەوە.

بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق پێنج پەرلەمانتار خۆیان کاندید کردبوو، ئەوانیش بریتی بوون لە سالم عیساوی لە هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی  موسەننا سامەرائی، شەعلان کەریم لە حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هەریەکە لە پەرلەمانتاران تەڵاڵ زەوبەعی و عامر عەبدولجەبار.

ئەنجامی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بوو، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.