کۆمارییەکان رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەی بایدن دەگرن

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

تادێت پڕیشکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەبێت، ئەگەرچی ئەمە داخوازی ئەمەریکا نییە و هەر لە سەرەتای جەنگەکەش داوای لە هێزەکانی ناوچەکە کرد هەوڵی تێوەگلان و فراوانکردنی جەنگەکە نەدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چوار جار سەردانی ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر و هێنانەدی ئاشتی، لە ناوخۆی ئەمەریکاش کۆمارییەکان رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرن، کە بێهێزی سیاسەتی دەرەوەیان وایکردووە هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران ترسیان لە ئەمەریکا نەبێت و بە ویستی خۆیان هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

دانیاڵ پۆڵس، شرۆڤەکاری سیاسی پارتی دیموکرات دەڵێت: "ئاگادارم وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کاتێکی زۆر و سەرمایەکی گەورەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان کردووە، لەو کاتەوەی ئەم شەڕە دەستیپێکردووە بەردەوام هاتووچۆی ئەوێی کردووە، دەزانم ئەوە کێشەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی ئەمەریکا و سەرکردایەتیی وەزیری دەرەوە، ئەو پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک هەیە، من پێم وایە پلانێک هەیە و جێبەجێدەکرێت، بۆیە ئەو بەردەوام سەردانی ناوچەکە دەکات، سەردانی زۆر لە دۆست و هاوپەیمانمانی کردووە."

کۆمارییەکان سیاسەتی دەرەوەی ئەم ئیدارەیەی واشنتن لاواز دەبینن. هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان کردووەتە بابەتێکی سیاسی و لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن. ئەوان پێیان وایە بێهێزی ئیدارەی بایدن لە ئاست هێزەکانی پاڵپشتی لێکراو لەلایەن ئێران دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەو دەردەی ئێستا بردووە.

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی، پارتی کۆمارییەکان بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا زۆر زەحمەتە چاوەڕوانی سیاسەتێکی درێژخایەنی ستراتیژی بین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارە ئیستفزازییەکانی حزبوڵڵای سەر بە ئێران لە باکووری ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی لە لوبنانەوە دەبینن، هێرشی بەردەوام بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا هەیە، دەبینین کاریگەری حوسییەکانی سەر بە ئێران زیادیکردووە و هێرشدەکەنە سەر کەشتییە بارزگانییەکان لە دەریای سوور."

کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکا لەسەر چەندین مژار دیدگەی جیاوازیان هەیە، هەردوو پارت کۆکن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان دەبینن.

لە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆمارییەکان رەخنەی ئەوە لە دیموکراتەکان دەگرن ئەمەریکایان لە ئاست نەیارەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێهێز نیشان داوە، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان دەڵێن، شکۆیان بۆ وڵاتە گەڕاندووەتەوە.