وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: پلانی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو لە هەولێر سەركەوتوو بوو

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو پلانەی لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو و رێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر، كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پارێزگای هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە كاری لەسەركرا، تەواو سەركەوتوو بوو.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 14ـی كانوونی دووه‌می 2024) وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ساڵی رابردوو لە هەولێر نزیكەی 74.3 ملیمەتر باران باری، ئەمساڵ رێژەكەی بۆ دوو هێندەش زیاتر و بۆ نزیكەی 201.9 ملیمەتر بەرزبووەتەوە، لە زستانی رابردوودا بە چەند كاتژمێرێک بارانبارین، مەترسیی لافاو دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ دوو رۆژ بارانباری، کە له سەنتەری شاری هەولێر زیاتر بوو لە 50 ملم، بەڵام بەهۆی جێبەجێكردنی پلانی رووبەڕووبوونەوەی لافاوەوە، هیچ جۆرە لافاوێك و كۆبوونەوەیەكی ئاو لە هەولێر رووینەدا و ئێستاش پلانەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئاوەڕۆی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوە تا ئاستێکی زۆرباش كاری لەسەر دەكرێت.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، سەركەوتنی پلانی رووبەڕووبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر، دوای ئەوە دێت مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و فەرمانگەكانی حكومەت دەربڕی و گوژمەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان خەرجكرد و چەندین پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری جێبەجێكران، لەوانە پرۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لەسەر شەقامی 30مەتری و 60 مەتریی هەولێر و پڕۆژەی پاراستن و چارەسەرکردنی شەقامی 150 مەتری لە لافاو، لەگەڵ دەیان پرۆژەی جۆراوجۆری دیكه‌ی ئاوەڕۆ و پرد و کونج و پۆند و دروستكردن و فراوانكردنی كەندەکان جێبەجێ كران.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، وێڕای ئەو پرۆژانە، سەرجەم تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەت لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە راسپێردران بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بكەن، پێشوەختە لەگەڵ پلانەكەدا ئامادەكاریی تەواویان كرد و چەندین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدران.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌شڵێت: "سەرەڕای ڕێرەوی کەندە سرووشتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و رێکخستنەوە و بەهێزکردنی رێرەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ خاوێنكرانەوە و ئێستاش چاودێری دەكرێن، خۆشبەختانە هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر سەركەوتوو بێت".

6756
657
657
657