ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان وازی لە کاری سیاسی هێنا

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، کشانەوەی لە کێبڕکێی خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی مێردین و وازهێنان لە کار و چالاکی سیاسیی راگەیاند.

بەگوێرەی ئاژانسێکی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی مێردین، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری ئەمساڵ جارێکی دیکە لە دەم پارتییەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی مێردین خۆی کاندید کردبوو، کشانەوەی خۆی راگەیاندووە.

ئەم هەڵوێستەی ئەحمەد تورک دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەو پارتە لە مێردین نەیتوانیوە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و هەڵبژاردنەکە بۆ گەڕی دووەم مابوویەوە.

پێشتر ئەحمەد تورک رایگەیاندبوو، ئەگەر لە گەڕی یەکەم هەڵنەبژێردرێت و نەتوانێت زیاتر لە 50%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەوا لە کاندیدبوون دەکشێتەوە و لە کاری سیاسییش دوور دەکەوێتەوە.

رۆژی شەممە (13ـی کانوونی دووەمی 2024) هەڵبژاردنی نێوخۆیی دەم پارتی لە 10 پارێزگا و شارۆچکەکانی بەرێوەچوو، بەشێکی زۆری هەڵبژاردنەکان بۆ گەڕی دووەم مایەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

پێشتر گوتەبێژی دەم پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، پێشنیازکراوە لە هەموو پارێزگاکان بە کاندیدی خۆیان بەشداری بکەن و دەیانەوێت ئەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنی رابردوو تێیدا سەرکەوتووبوون و ئێستا لەلایەن قەییومەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جارێکی دیکە وەربگرنەوە.