هۆشمەند حەیدەر: مەشق و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە بەردەوام دەبێت

لیوا هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە
لیوا هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە

K24 - هەولێر:

ئەمەریکا هاوکارییە ماددییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێژەی 25% کەمکردەوە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لە وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بە رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایە، بەڵام هاوکاری لۆجیستی ناگرێتەوە، بەڵکو مەشق و راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

پێشمەرگە، ‌هاوپەیمانە گرنگەکەی ئەمەریکا لە تێکشکاندنی داعش لە عێراق، ئەو ‌هێزەی وەک تاکە هێزی سەر زەمین رۆڵی کاریگەری نواند لە ئازادکردنەوەی زۆرێک لەو ناوچانەی بەهۆی شكست و ھەڵاتنی سوپای عێراق کەوتنە ژێر دەستی داعش، لەوێوە هاوکاریی ماددی و لۆجیستی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە زیاتر چووە پێشەوە.

لیوا هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بە رەزامەندی حکومەتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە، رێککەوتن کراوە کە ساڵ بە ساڵ هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە کەمببێتەوە، بەڵام ئەم کەمبوونەوەیە هاوکاری لۆجیستی ناگرێتەوە، بەڵکو مەشق و راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، کەمکردنەوەی هاوکارییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر هێزی پێشمەرگە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەسازی کردووە لەکاتی کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکە لەنێوان خۆی و ئەمەریکا ئەو بۆشاییەی کە دروست دەبێت پڕی دەکاتەوە.

ئەمەریکا تا ساڵی 2026 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ناردنی هاوکاری ماددی و لۆجیستی بۆ هێزی پێشمەرگە، هاوکات بەپێی رێککەوتنی نێوانیان ساڵ بە ساڵ ناردنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە کەم دەبێتەوە، بەڵام کەمکردنەوەی هاوکاریی ماددی هێزی پێشمەرگە، هاوکاری لۆجیستی ناگرێتەوە، بەڵکو مەشق و راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەعید هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: ئەمریکا و پێشمەرگە پێویستیان بە یەکتر هەیە، هەروەها مانەوەی ئەمەریکا بۆ مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە زۆر پێویستە.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ساڵی 2016 واژۆكراوە و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 نوێ کرایەوە، بە گوێرەی لێکتێگەشتنەکە  "پێنتاگۆن" مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و کەرەستە و تەقەمەنی جەنگی و مەشق و راهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاردەبێت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.