لە هەولێر شانۆگەری ماڵئاوا ئەی دڵنیایی نمایشکرا

K24 - هەولێر

لە هەولێر شانۆگەری "ماڵئاوا ئەی دڵنیایی" لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە هۆڵی محەممەد عارف نمایشکرا.

چنار عزەددین، ئەکتەری سەرەکی نمایشەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەو شانۆگەرییە باسی ئافرەتێک دەکات کە پیاوەکەی رۆیشتووە و ئەو ئافرەتەش هەر لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، هەر چاوەڕوانی پیاوەکەیەتی لە رێگای مۆبایلەوە، نامەی دەنگی بۆ دەنێرێت، باسی کێشەی خۆی دەکات و داوا لە پیاوەکە دەکات کە بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆلای، ژنەکە دەکەوێتە قوڵایی خەیاڵەوە و لە ماڵەکەیدا چەند تابلۆیەک دروست دەکات و ماڵێکی پشتگوێ خراو و خۆڵاوی، کە ژنەکە بەس خەیاڵی لای ئەوەیە کە چ کاتێک پیاوەکەی دەگەڕێتەوە و حەوت ساڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەیەتی، دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ماڵەکە جێدەهێڵێت، دواتر مۆبایلەکەی بیر دەچێت و دەگەڕێتەوە و دەبینێت نامەیەکی دەنگی بۆ هاتووە و پیاوەکە پێی دەڵێت "چاوەڕوانم بە رۆژێک دێت من هەر دەگەڕێمەوە".

شانۆگەری "ماڵئاوا ئەی دڵنیایی" دەقەکەی عەرەبییە، کەمال غەمبار وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەقەکەش هی جەلیل قەیسییە، نمایشەکە لە دەرهێنانی داستان بەرزانە و لەنواندنی چنار عزەددین و گۆران بەکرە.