کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکەن

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندێکی کۆمیسیۆن لە هەولێرە و، سبەی لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

شاندەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەنجوومەنی دادوەری هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن پێکدێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24؛ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ مانگ دوادەخرێت و، پێشبینی دەکرێت لە نێوان 25-05-2024 و 30-05-2024 ئەنجامبدرێت.

لە ماوەی رابردوودا، کۆمیسیۆن بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردبوو، ئاماژەی بەوە کردبوو، بەهۆی دواکەوتنی بڕیاردان لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە و دابیننەکردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان؛ ناتوانن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا (25-02-2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.

هاوکات سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بیانوویەی کۆمیسیۆن کە باس لە دابیننەکردنی بودجەی پێویست بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکە دەکات، "زۆر لاوازە، چونکە پێشتر بە ئێمەیان گوتبوو، هیچ کێشەیەکی لەو شێوەیە رووبەڕوومان نابێتەوە و لە ئێستادا بڕە بودجەی پێویستمان لەبەردەستە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەماندا داوای روونکردنەوە لەو بارەوە دەکەین".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵایەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. رۆژی 27-12-2023، دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی 21-01-2024 دواخست.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.