سەرۆک بارزانی هیواخوازە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور زیاتر پێشبخرێن

سەرۆکی بارزانی و کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور
سەرۆکی بارزانی و کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور

K24 - هەولێر

لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سینگچۆل لیم کونسوڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەولێر و سیئۆل پەرەیان پێبدرێت و زیاتر پێشبخرێن.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی کۆریای باشوور دڵخۆشیی خۆیی نیشاندا، کە وەک کونسوڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و پێزانینی بۆ رۆڵی کوردستانیان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەبوو، کە لە پێناو ئازادی و پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایش تێکۆشاون.

کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری کۆریای باشوور کرد و ئامادەیی خۆیی و وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پتەوکردن و هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەکاندا.

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور لە هەولیر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی گەل و حکومەتی کۆریای باشوور و هێزی زەیتونی کۆریای باشوور کرد، کە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە، و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەردوولا پەرەیان پێبدرێت و زیاتر پێشبخرێن.

باروودۆخی سیاسی و رووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە بەگشتیی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور لە هەولیر بوو.