لیوا ته‌حسین خه‌فاجی: هێزی دیكه‌ی بیانی نه‌هاتووه‌ته‌ عێراق

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هێزی دیكه‌ی بیانی هاتبێته‌ عێراق.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، سه‌رۆكی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق له‌وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ باس له‌ هاتنی هێزی زیاتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق ده‌كه‌ن، به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌، عێراق پێویستی به‌ هیچ هێزێكی بیانی نییه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش ته‌نیا به‌ ئه‌ركی راهێنان و پێدانی زانیاری ئه‌منی له‌وڵاتدان.

خه‌فاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، به‌منزیكانه‌ لیژنه‌ی هاوبه‌شی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستبه‌كارده‌بن به‌ ئامانجی دانانی خشته‌یه‌ك‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دیدگایەک بۆ ئەنجامدانی یاداشت و رێککەوتنی دوولایەنە لە نێوان عێراق و بەشێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی له‌ ئارادایه‌، سەبارەت بە پڕچه‌ككردن و مەشق و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كان.

پێشتریش پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا راگەیاندبوو، هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نییە و کار لەسەر ئەرکەکەمان بۆ له‌ناوبردنی داعش دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، حکومەتی عێراق وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکای بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان ئاگادار نەکردووتەوە.

پێشتریش فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق کە بە باڵی سیاسی گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق ناسراون، پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە وڵاتە دەربڕیبوو.

 هاوکات هەڵمەتێکی واژوو کۆکردنەوەشیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمان دەستپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 50 واژوویان کۆکردووەتەوە.

هاوکات، بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە حەشدی شەعبییە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووه‌وه و تێیدا بوونی ئەمەریکا بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق" ناوبردبوو.

بزووتنەوەکە داواشیكردبوو، رێگری لە دەستوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بکرێت، چونکە هەبوونی ئەو هێزانە بە هۆکاری لاوازبوونی سوپای عێراق دەزانن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکیان ئاراستەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە و تێیدا داوا دەکات رێكکاری پێویست سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بگرێتەبەر.

لە ئەگەری کشانەوەیان، دەبێتە دووەم جار هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکێشێنەوە. بەو پێیەی ساڵی 2003 ئەمەریکا سەربازەکانی ناردە عێراق و ساڵی 2011 کشاندنییەوە، بەڵام جارێکی دیکە و لەساڵی 2014 لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش هێزەکانی گەڕاندەوە عێراق.