بوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس وەبەرهێنەری زیاتر دێنێتە کوردستان

داڤوس
داڤوس

K24-هەولێر:

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی ئابووری بەشداربوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس بە گرنگ دەبینن لە رووی بەهێزکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان و دۆزینەوەی بازاڕی نیودەوڵەتی بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)، رێبوار بابکەیی مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: کۆڕبەندی داڤۆس لە رووی تێکەڵی سیاسی و دیبلۆماسیەوە، بەستنەوەی هەرێمی کوردستانە بە ئەڵقەی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی، لەبارەی کاریگەرییەکانی بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش گوتی: بەشداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەوەیە  پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان توندتر و فراوانتر بکات، دەتوانێت لە رووی ئابووریش دەرفەتی زۆر دروستبکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بتوانن لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن، ئەوانەش لە سوودی خەڵکی کوردستانە.

داڤۆسی ئەمساڵ بابەتی جیا جیا لەخۆ دەگرێت، لەوانەش جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیرەکیی دەستکرد کە دەبنە بابەتی سەرەکی.

مامۆستایەکی دیکەی زانکۆ کوردستان دەڵێت: بوونی سەرکردەکانی کورد لەو کۆڕبەندە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە، دەزاندرێت کوردستان دەوڵەمەندە بە  کانزای نەوت و غاز و سامانی دیکەی سروشتی، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە چەند بەرهەمێکی کوردستانی بە سیاسەتمەدارانی جیهان ناساند.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.

کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.