ئەجێندای هەرێمی کوردستان لە داڤۆس؛ کشتوکاڵ و وەبەرهێنان ئەوەی جیهان بەدوایدا دەگەڕێت

داڤۆس 2024
داڤۆس 2024

K24 – هەولێر:

ئەگەر پێشتر بەهۆی بوونی نەوت و گازەوە بە گرنگییەوە سەیری پێگەی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان کرابێت، لە سەردەمی ئالنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسیشی خۆراک و دۆزینەوەی وزەی جێگرەوە، جیهان بەدوای بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەڕێت بۆ پڕکردنی سەبەتەی خۆراکی وڵاتان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنان.

رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) لە داڤۆسی سویسرا، 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەستی بە کارەکانیکرد کە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشدارن لە کۆڕبەندەکە.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" بە بەشداری 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شاندەی یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهان (داڤۆس 2024)، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.

وەربەرهێنان؛ پردی نوێی پەیوەندی کوردستان و جیهان

کێشە و پرسە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پانتاییەکی فراوانی لە گفتوگۆ و دیدارەکانی داڤۆسی ئەمساڵ هەیە و هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکی و هاوبەشەکانی ناوچەکە، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بەشدارە و هاوشێوەی داڤۆس 2023، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران و کارسازان رابکێشێت، بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و پەیوەندی بازرگانیش بۆ کڕینی بەرهەم و بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان دروست بکەن.

دوای ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی ساڵی رابردوو پلانی گەشەپێدان و دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سەرکەوتووبوو. بۆ داڤۆسی ئەمساڵ وێڕای بەردەوامیدان بەو پلان و بەرنامەی کارە، سەرنجی زیاتریش خراوەتە سەر سێکتەری وەبەرهێنان و بە بازاڕکردن بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە پرۆژەی سێکتەرە جیاوازەکان بەتایبەتیش لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی زیاتری هەلیکار بۆ گەنجان و بووژانەوەی بازاڕ، پەیوەندییە بازرگانییەکان و سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەیدا 11 وەبەرهێنەری دیاری هەرێمی کوردستان یاوەری دەکەن و هەر بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە داڤۆس، ماڵی کوردستان کراوەتەوە و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای جیهانی بانگهێشت کراون بۆ ئەو ماڵە تاوەکو ئاشنابکرێن بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناساندنیان بە یاسا و شێوازی کارکردنی وەبەرهێنەران و ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، زیاتر لە دوو هەزار هەلی وەبەرهێنان سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەشێکی زۆرییان سەرماییەکی گەورەیان پێویستە بۆیە لە پرسی پارەدارکردنی ئەو پرۆژانە کێشە هەیە و هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و کەرتی بانکی.

کشتوکاڵ؛ پاراستنی ئاسایش و سەبەتەی خۆراکی جیهان

پڕۆژەی به‌ بازاڕكردن و هەناردەکردنی به‌رهه‌می جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، بەشێکە لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی کە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە زیادکردنی داهات و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا. پێشتریش لە چەند بۆنەیەکدا، سه‌رۆكوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردووەتەوە کە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە وەک "سەبەتەی خۆراک"ـی عێراق و هەرێمی کوردستان پێداویستییه‌كانی بازاڕ دابینبكات.

رۆژی (18ـی کانوونی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس 2023 لە سویسرا نووسیویەتی، "سوورم له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی رێگه‌ نوێیه‌ بازرگانییه‌كان، هه‌نارده‌كردن و وه‌به‌رهێنان لە بوارەکانی دیکەدا، وەک بانکی، وزە و تەکنەلۆژیای دارایی".

لە (19ـی کانوونی دووەمی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس رایگەیاند: "لێرە له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵات قسه‌مان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دان به‌ كوالێتی به‌رهه‌می خۆماڵی ئێمه‌دا بنێن و رێگه‌یان پێ بده‌ن، زۆریان هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و پێیان خۆشه‌، ئێستا قه‌یرانێكی ئاسایشی خۆراك له‌ جیهان هه‌یه‌. بۆیه‌ كوردستان بووه‌ته‌ جێی گرنگی بۆ ئه‌م وڵاتانه‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌م ئێمه‌ بتوانین په‌ره‌ به‌ ژێرخانی ئابووری كشتووكاڵی خۆمان بده‌ین و هه‌میش ئه‌وانیش بتوانن سوودمه‌ند بن له‌و به‌رهه‌مانه‌ی هه‌مانه‌".

ئەو هەوڵ و کارانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆسی ساڵی رابردوو بەرهەمەکەی گەیشتە ئامانج و لەماوەی ئەو ساڵەدا، چەندین بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی وڵاتانی کەنداو و جیهان کرا، لەوانە هەنار، سێو، ترێ، هەنگوین، پەتاتە، برنجی کوردی، ئاوتەماتە، تەحین و چەند بەرهەمێکی دیکە. وێڕای کردنەوەی دەرگایەکی داهاتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان وایکرد، ببێتە هۆی زیاتری گەشانەوەی سێکتەری کشتوکاڵ و زیادکردن و باشترکردنی بەرهەم لەلایەن جووتیارانەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی لە ماوەی چوار ساڵی رابروودی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، لە 1.5% بۆ سەروو 8% بەرزبووەتەوە و لە پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، کابینەی نۆیەم چوار سایلۆی نوێی دروستکردووە و چەند سایلۆیەکی دیکەش لەژێر دروستکردندان، بەمەش رێژەی کۆگاکردنی گەنم بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە.

هاوکات بەهۆی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سێکتەری کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، بەرهەمە خۆماڵییەکان زیادیکردووە، بۆ نموونە؛ لەماوەی چوار ساڵدا، رێژەی بەرهەمی پەتاتە لە 25 هەزار تۆنەوە بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە و مۆڵەتیش بە شەش کۆمپانیای دروستکردنی بەرهەمی چپسی پەتاتە و فینگەر دراوە کە ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 70 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.