سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لە داڤۆس چیرۆکی کۆڵنەدانی کوردستانمان گێڕایەوە و چەواشەکارییەکانمان ئاشکرا کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (داڤۆس 2024) رایگەیاند، ئەمساڵ لە داڤۆس چیرۆکی کۆڵنەدانی کوردستانمان گێڕایەوە و چەواشەکارییانەشمان ئاشکرا کرد کە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان باس دەکران.

رۆژی پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەمساڵ لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، چیرۆکی کۆڵنەدانی کوردستانمان گێڕایەوە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان بە جیهان ناساند و پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر کرد".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو چەواشەکارییانەشمان ئاشکرا کرد کە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان باس دەکران".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆسەوە نووسیویەتی: "ساڵی داهاتوو بە بەهێزتری دەگەڕێینەوە".

سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ داڤۆس و کۆبوونەوەی بەشێکی زۆر لە سەرکردە جیهانییەکان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سویسرا هاوکات بوو لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە درەنگانی شەوی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە. ئەمەش بووە دەرفەتێک جارێکی دیکە وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی راستەوخۆ پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتبکەنەوە و هاوخەمی خۆیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنن.

بۆ بەشداریکردن لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسڕا، رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو وڵاتە و رۆژی دواتریش دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک و سەکردە جیهانییەکان کرد و لەماوەی سێ رۆژدا، 45 دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

رۆژی (17ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "بەردەوام دەبین. لە ئەمڕۆوە، ئێمە دوو هێندە کاردەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی. کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" بە بەشداری 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان بەڕێوەدەچێت.