گەڕان بەدوای تەرمی ژنێک لە شوێنی بۆردومانەکەی هەولێر بەردەوامە

شوێنی بۆردومانەکە - وێنە: کوردستان24
شوێنی بۆردومانەکە - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر شەهید و برینداری لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستا تەرمی ژنێک لەژێر پاشماوەی شوێنی بۆردومانەکە ماوەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەوڵی دۆزینەوەی دەدەن.

 رۆژی سێشممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە رەوشی تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".

دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و نیو بەناوی ژینە پێشڕەو دزەیی، ژمارەی قوربانییەکان بۆ پێنج شەهید و شەش بریندار بەرزبووەوە، کە بەشێک لە قوربانییەکان لە خانەوادەی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر بوو کە لە ماڵەکەی لە هێرشەکەدا کرایە ئامانج.

دوای بۆردومانەکەش لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند و ئاشکرایکردووە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی بووە.

لە یەکەم کاردانەوەی واشنتن بەرامبەر بۆردومانەکە، رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بە توندی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکەین و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەنێرین و ئاماژەی بەوەشکرد، دژی هێرشە مووشەکییە بێ بنەماکانی ئێرانین کە دەبنەهۆی ناسەقامگیرکردنی عێراق و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپاتکردەوە.

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێرن و لەو هێرشەدا هیچ دامەزراوەیەکی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکاردێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک". هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێم و عێراقە و پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".