لە دژی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر هەولێر؛ گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دەکرێت
K24 - هەولێر
هاووڵاتییانی هەولێر بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر شارەکەیان، له‌به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی ئەمڕۆ؛ گه‌وره و بچووک و هەموو چین و توێژه‌کان، "بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی مه‌زڵومیه‌ت و ڕیسواکردنی بکه‌رانی ئه‌و تاوانه"ـی شەوی رابردوو بەرامبەر بە شاری هەولێر کرا، له‌به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دەکەن.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، مۆڵه‌ت بەو هاووڵاتییانە دراوە و "ئێمه‌ش پشتیوانیان لێده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیان ده‌بین". داواش له جه‌ماوه‌ری "هه‌میشه سه‌ربه‌رزی هه‌ولێر و دەووربەری ده‌که‌ین، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی هه‌ولێر و سەرکۆنەکردنی ئه‌و تاوانه، به‌شداریی فراوان بکه‌ن".
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ". گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".