هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکەین

K24 – هەولێر

هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: بەنای پارێزگای سلێمانییەوە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروەها داواش لە لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین یەکڕیزیی لە نێوخۆدا بهێننەکایەوە.

هەڤال ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەین، پرسەو هاوخەمیی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین".

پارێزگاری سلێمانی، گوتیشی: داواکارین ئەم هێرشانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێن، شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناودەبات و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئاسایش و ئابووریی ناوچەکە بەگشتیی دەخاتە ژێر مەترسییەوە".

لەکۆتاییشدا پارێزگاری سلێمانی، داوا لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات؛ "یەکڕیزیی لە نێوخۆدا بهێننەکایەوەو، خۆیان لەهەر لایەنداریی و هەژمونێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوور بگرن".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

سوپای پاسداران لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاندبوو، "ناوەندێکی سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاری"ـیان لە دژی ئێران لە نزیک هەولێر کردووەتە ئامانج؛ بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.