دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە هەولێر خۆپیشاندان دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی هەولێر، دژی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسداران، بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سڤیلنیشن، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە.

شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەولێر، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەتەوەو ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن.

هاووڵاتییەک کە بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە بە کوردستان24ـی گوت: "من وەک هاووڵاتییەکی شاری هەولێر ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییەی شەوی رابردوو، کە چەند ناوچەیەکی سڤیلنشین کراوەتە ئامانج، بەبێ هیچ پاساو و بیانوویەک هاووڵاتییانی دەرکرێنە قوربانی، داواکارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەڵوێستیی جیدی خۆیان دەرببڕن، دژی ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر شاری هەولێر".

هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی خۆپیشاندانەکەی هەولێر دەڵێت: "هاتووین نیگەرانی خۆمان دژی ئەو هێرشە مووشەکییەی شەوی رابردوو دەرببڕین، کە کراوەتە سەر شاری هەولێر، دەیانەوێت سەقامگیریی و ئارامی شارەکەمان بشێوێنن، داوا لە یونامی دەکەین کە هەڵوێستی هەبێت دژی ئەم مووشەکبارانە و چیتر خەڵکی سڤیل نەکرێتە ئامانج".

شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.