ئومێد خۆشناو: بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکیانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شارەکەمان دەکەین

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە زاڵمانە و ستەمکارانە دەکەین بۆ سەر شارەکەمان، رایدەگەیەنین، هەموو ئەو پاساوانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران هێنراونەتەوە بۆ پەلامارەکەیان، بێبنەمان و دوورن لە راستییەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە ئەنجامی مووشەک بارانکردنی شارەکەمان بەناڕەوا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتیی شەهید و برینداربوون.

گوتیشی: "وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە زاڵمانە و ستەمکارانە دەکەین بۆ سەر شارەکەمان، رایدەگەیەنین، هەموو ئەو پاساوانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانی هێنراونەتەوە بۆ پەلامارەکەیان بێبنەمان و دوورن لە راستییەوە، هیچ پاساوێکیان بۆ هێرشە ناڕەواکانیان نییە، تەنیا خەڵکی سڤیلی ئێمەیان کردووەتە ئامانج، مووشەک بارانکردنی خەڵکی هەولێر کۆمەڵکوژی، تاوانێکی نا ئەخلاقی و نێودەوڵەتییە".

ئومێد خۆشناو، دەشڵێت: شاری هەولێر هەمیشە شاری پێکەوەژیان و ئارامی و میوانداری ئاوارە و خەڵکی لێقەوماو و هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی ژیان و بوژاندنەوە بووە، لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن.