عارف روشدی: ئەگەر حکومەتی عێراق هەندێک رێز بۆ خۆی دابنێت نابێت لەئاست ئەو کردەوانە بێدەنگ بێت

K24 - هەولێر

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق هەندێک رێز بۆ خۆی و سەروەری خۆی دابنێت، نابێت لەئاست ئەو کردەوانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بێدەنگ بێت، بەڵکو دەبێت بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت.

عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە هەرێمی کوردستان بکرێتە ئامانجی ئەو هەموو مووشەکە دوورهاوێژانە، چونکە هەرێمی کوردستان نەبووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر هیچ لایەنێک و وڵاتێکی ناوچەکە، بەڵکو لە هەموو کاتەکاندا دۆست و یار بووە لەگەڵیان و هاوکارییان بووە، گوتیشی: پێویستە پێمان بڵێن چ رۆژێک فیشەکێک بەرەو رووی ئەوان ئاڕاستەکراوە، کە بەرژەوەندی ئەوان تێکبدات، بۆ ئەوەی بتوانن ئەمڕۆ تۆڵە بکەنەوە، پێموایە ئەمە تەنیا ستەمێکە و ئەم ستەمە مێژووییە، بەردەوامە لەلایەن ئەوانەی کە حەزییان بە کورد و کوردستان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد: " بمانەوێت یاخود نا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام بەداخەوە ئەو دەوڵەتەی کە ناوی عێراقە خۆی سەروەری نییە، بێبایەخ دەروانێتە هەموو ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەگەر حکومەتی عێراق هەندێک رێز بۆ خۆی دابنێت نابێت لەئاست ئەو کردەوانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگ بێت، بەڵکو دەبێت بێتە دەنگ لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت".

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند: "ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە زلهێز دەزانن بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییان لەسەر شانە، ئەو ولاتانەی کە پێش ساڵی 2003 لە هەرێمی کوردستان بوون یەک پاسەوانیشیان بریندار نەبووە لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە هەرێمی کوردستان داڵدەدانێکی باشبووە بۆ ئەوان و کەسوکاریان و بەرژەوەندییەکانیان، بۆ ئەمڕۆ گەر ئیدانە کردن و نارەزایی بوون وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە پێمان وایە ئەوەش نەکەن ئیتر باشترە، یا دەبێت هەڵوێستی رژدییان هەبێت، یاخود با ئیدانەشیان نەبێت، چونکە هێرشانەی کە دەکرێت بەهۆی ئەوانە".