لە سبەیەوە سایلۆی کەرکووک گەنمی جوتیاران وەردەگرێت

هەر تۆنێکی گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت

K24 – هەولێر

لەگەڵ ئەوەی ڕێگریی لە دروێنەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی کورد لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە، بڕیارە لە سبەیەوە سایلۆی پارێزگاکە دەرگا بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ بکاتەوە و هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران بکڕێتەوە.

زوهێر عەلی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سبەی هەینی 10ی ئایاری 2024 دەرگای سایلۆی کەرکووک دەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ و بە بڕیاری حکوومەتی فیدراڵ هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.

گوتیشی: لەبەر ئەوەی سەرەتای وەرزی دروێنەی گەنمە، هەربۆیە قەبارەی بەرهەمی ئەمساڵ دیار نییە، بەڵام مەزندە دەکرێت لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بێت، بۆ وەرگرتنیش تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ بڕێکی بۆ سایلۆی کەرکووک دیاری نەکردووە بۆ ئەوەی لە بەرهەمی گەنمی ساڵی 2024ی جوتیاران وەربگیرێت، بەڵام بە گەری زۆرەوە بڕی وەرگرتن هەر وەکوو ساڵی ڕابردوو دەبێت کە 553 هەزار تۆن بووە لە کۆی 800 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی سنووری پارێزگاکە.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک لە بارەی ئەو بەرهەمە گەنمەی جوتیاران کە دەمێنێتەوە و سایلۆی ناتوانێت وەریگرێت، گوتی: وەکوو ساڵی ڕابردوو جوتیاران دەتوانن لە بازاڕی ئازاد بیفرۆشنەوە.

دەست پێکردنی پرۆسەی گەنمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە کاتێکداتە زیاتر لە دوو هەفتەیە عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی هێزەکانی عێراق ڕێگری لە جوتیارانی دەشتی ساڵەیی سنووری شارەدێی پردێ و پێنج گوندی شارەدێی سەرگەڕان دەکەن دروێنەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان بکەن.