قوباد تاڵەبانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات

"کۆتایی بەم پێشێلکاریانە بۆ سەروەری عێراق بهێنن"
قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی

K24 – هەولێر

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر دەکات.

 قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) تویتەری پێشوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئیدانەی هێرشی شەوی رابردوو بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان و ناوچە ئاوەدانەکانی هەولێری خۆشەویستمان دەکەم. هەروەها پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی هاوڕێم پێشڕەو دزەیی دەکەم کە لە هێرشی شەوی رابردوودا شەهیدکرا. داوا لە هەموو لایەک، حکومەت و لایەنە سیاسیەکان دەکەم یەکبگرن و کۆتایی بەم پێشێلکاریانە بۆ سەروەری عێراق بهێنن".

شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.