رەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران خۆپیشاندان دەکەن

شوێنی بۆردومانەکە - وێنە: کوردستان24
شوێنی بۆردومانەکە - وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر

دژی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، رەوەندی کوردستانی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا خۆپشاندان دەکەن.

کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "رۆژی شەممە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ رێکەوتی 20ی1ی2024، دژ بە تاوانەکانی رژێمی ئێران لە هەریەکە لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان، دوێنێ شەو بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا چەندین هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون، خۆپیشاندانی جەماوەری لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئەوروپی ئەنجام دەدەین".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەموو ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆن و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، ئامادەکاری بۆ ئەو خۆپیشاندانە دەکەن و مۆڵەتی فەرمیی بۆ وەردەگیردرێت و داواش لە سەرجەم کوردانی دەرەوە دەکەین، وەک ئەرکێکی نەتەوەییانە بەشداری بن، هاوکات لەو کاتەشدا تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز دەکرێتەوە".