دەستەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش لە دهۆک سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات

دەستەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش لە دهۆک سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات
دەستەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش لە دهۆک سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات

K24 - هەولێر

دەستەی باڵای رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش لە دهۆک سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، "ئامانجی هێرشەکان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، دەستەی باڵای رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش/دهۆک لە راگەیەندراوێکدا "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدران  بۆ سەر هەولێر کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش برینداربوون.

دەستەکە، هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر بە "بێ پاساو" ناودەبات و دەڵێت، ئامانجی هێرشەکان "تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان" بووە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراقە.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "داوا لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بێ دەنگ نەمێنن و هەڵوێستی جیددی بنوێنن".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت. 

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".