دیوانی وەقفی سوننی عێراق بەتوندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات

بۆردومانەکەی سەر هەولێر
بۆردومانەکەی سەر هەولێر

K24-هەولێر:

دیوانی وەقفی سوننی عێراق بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات و، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر لە پێناو ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە(16ی کانوونی دووەمی 2024)، بەرامبەر ئەو هێرشەی دوێنێ شەو بەچەند مووشەکێک کرایە سەر هەولێر و سوپای پاسدارانی ئێران خستیە ئەستۆی خۆی، دیوانی وەقفی سوننی عێراق لە بایەننامەیەکی فەرمیدا، ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هەولێری کردووە کە قوربانیی و برینداری لێکەوتۆتەوە، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو رووداوە بکات بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە بوونەوەی بکرێت کە تێیدا خەڵکی بێتاوانی سڤیل دەبنە قوربانی.

دیوانی وەقفی سوننی داوای ئەوەشی کردووە، ئەوانە دەستنیشان بکرێن کە دەبنە هۆی رژانی خوێنی خەڵکی عێراق کە هەر بیر و بۆچوونێکیان هەبێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەش، نزای ئارامی بۆ خانەوادەی شەهیدەکان کردووە و داوای شیفای بۆ بریندارەکانیش کردووە.

 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".